ئه‌ڵمانیا چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ژنه‌ موسڵمانه‌ باڵاپۆشه‌کان ده‌کات
شه‌وقی کانه‌بی-ئه‌ڵمانیا


ژنێکی ئه‌ڵمان له‌ شاری به‌رلین هێرشی کردۆته‌ سه‌ر کچێکی موسڵمانی 13 ساڵان و په‌چه‌ی له‌ سه‌ریدا دڕاندوه‌و جنێوی پێداوه‌و دواتر رایکردوه‌و شوێنه‌که‌ی جێهێشتوه‌.
پۆلیسی ئه‌ڵمانیا ئاشکرایکرد، ئێواره‌ی رۆژی 18/6/2016 هێرشه‌که‌‌ له‌ وێسته‌گه‌یه‌کی میترۆ له‌ شاری به‌رلین روویداوه‌و پۆلیس سه‌رقاڵی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌‌ بۆ ده‌ستگیرکردنی تاوانباره‌که‌.
زۆربه‌ی ژنانی موسڵمانی ئه‌ڵمانیا، باڵاپۆشی بۆته‌ ئاسته‌نگ له‌ به‌رده‌میان بۆ خۆگونجاندن و تێکه‌ڵبون له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای ئه‌ڵمانی.
ساڵی رابردوو خوێندکارێکی مه‌غریبی موسڵمان داواکاری پێشکه‌ش به‌ دادگا کردبوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وانه‌ی مه‌له‌وانی ببوردرێت، به‌ڵام دادگای ئه‌ڵمانیا داواکاریه‌که‌ی ره‌تکرده‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا رێگه‌‌ به‌ خوێندکاره‌که ‌درا  "بورکینی"جلی تایبه‌تی مه‌له‌وانی بپۆشێت که‌ له‌شی داده‌پۆشێت، وه‌ک رێزێک بۆ پابه‌ندبوونی دینی کچه‌ خوێندکاره‌که‌.
بورکینی
پێش 10 ساڵ دادگای باڵای ده‌ستووری ئه‌ڵمانیا یاسای قه‌ده‌غه‌کردنی په‌چه‌ی بۆ مامۆستا ژنه‌ موسڵمانه‌کان له‌ قوتابخانه‌که‌ن ره‌تکرده‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش 8 ویلایه‌تی ئه‌ڵمانیا یاسایه‌که‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ن که‌ هه‌موو جۆره‌ سیمبۆلێکی دینی له‌ قوتابخانه‌ گشتیه‌کا‌ن قه‌ده‌غه‌ ده‌کات.
به‌و هۆیه‌ی یاسای ئه‌ڵمانیا رێگری ناکات له‌ پۆشینی په‌چه‌ له‌ لایه‌ن منداڵه‌ موسڵمانه‌کانه‌وه‌ بۆیه‌ له‌ قوتابخانه‌کانی ئه‌ڵمانیادا بوونی منداڵی باڵاپۆش بۆته‌ دیارده‌یه‌کی به‌رچاو.
هه‌ندێک له‌ ژنه‌ موسڵمانه‌کان سكاڵا له‌ خاوه‌ن کاره‌کان ده‌که‌ن که‌ به‌ هۆی باڵاپۆشیه‌وه له‌ کاره‌کانیان دورخراونه‌ته‌وه‌ یاخود کاریان پێ نادرێت، هه‌رچه‌نده‌ یاسای ئه‌ڵمانیا رێگری له‌ پۆشینی په‌چه‌ ناکات له‌ کاتی کاردا.
هه‌ندێک له‌ مه‌له‌وانگه‌کانی ئه‌ڵمانیا چه‌ند رۆژێکی دیاریکراویان بۆ ژنه‌ موسڵمانه‌کان ته‌رخانکردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوور له‌ چاوی پیاوان مه‌له‌وانی بکه‌ن. ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێکه‌ له‌ زۆرێک له‌ وڵاته‌ ئیسلامیه‌کانیش بوونی نیه‌.






 ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی "بەهمەن قوبادی" بە نمایشی بەرهەمە سینەمایی و دیکۆمێنتارییەکانی ئەم سینەماکارە ناودارە کوردە لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ" لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی "بەهمەن قوبادی" بە نمایشی بەرهەمە سینەمایی و دیکۆمێنتارییەکان لە دەرهێنانی ئەم سینەماکارە ناودارە کوردە، لەوانە: فیلمی سینەمایی کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان"، فیلمی سینەمایی "کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن"، فیلمی سینەمایی "نێوە مانگ"، فیلمی سینەمایی ""کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە!"، فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرگەدەن"، فیلمی دیکۆمێنتاریی "دەف"، فیلمی بڵیندی "ئاڵای بێ وڵات" و فیلمی "هەندێک جار چاو لە سەرێ بکە" لە چوارچێوەی کۆمەڵە فیلمی "چەند وتەیەک لەگەڵ خوداکان" لە سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ" Munich لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
"بەهمەن قوبادی" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ" ئامادە دەبێت و کاتژمێر 6ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی 27ی جوونی 2016 لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەم فیستیڤاڵەدا، وڵامی پرسیاری پەیامنێران، ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگرانی سینەمایی دەداتەوە. 
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ" کە دووهەمین ڕووداویی سینەمایی ئەڵمانیا دوای فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" دێتەئەژما، سی و چوارەمین خولی بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە دەرهێنانی سینەماکارانی ناوداری وڵاتانی جۆراوجۆر‌ی جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی 23ی جوون تا 2ی جوولای 2016 لە شاری مۆنیخ لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت
 خەتەر (Xatar)  یەکێکە لە ڕاپەرە بەناوبانگەکانی ئەڵمانیا ، ناوی تەواوی (ژیوار حاجبی) ە، لە ساڵی ١٩٨٢ لە شاری (سنە) لە دایک بووە، لە دە ساڵیەوە لە ئەڵمانیایە، یەکەم کاری خۆی لە (٢٠٠٨) بڵاو کردەوە بە ناوی (Alles oder nix-هەمووی یان هیچ)،دواتر لە (٢٠١٢) ئەلبومێکی تری بەناوی (Nr. 415-ژمارە ٤١٥) دەرکرد، دوایین ئەلبومیشی لە (٢٠١٥) بڵاوکردەوە بە ناوی (Baba aller Babas-بابی هەموو بابان).
خاوەنی ستۆدیۆی خۆیەتی و خۆی کارە هونەریەکانی جێبەجێ دەکات، وا دەگوترێت کە لەگەڵ گروپی مافیایی دەستی تێکەڵەو لە (٢٠١٠) بە تۆمەتی ڕفاندنی ئۆتومبێلێکی پڕ لە زێڕ کە نرخەکەی بای (یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار) یۆرۆ بووە، دەستگیر کرا و دادگا بە هەشت ساڵ زیندانیکردن سزای دا ، بەڵام بەهۆی باش هەڵسوکەوتکردنی لە زیندان دوای دوو ساڵ بڕیاری ئازادکردنی درا،ئەم ڕاپەرە چیڕۆکی سەیری هەیە و لەناو شەقامی ئەڵمانیا دا قسە و باسی زۆری لەبارەوە دەکرێت.

 کە لە زیندان دەرچوو ئەم کلیپەی لەگەڵ زێڕەکانی بڵاوکردەوە (خەتەر لێرەیە - XATAR - IZ DA )
هێمن کوردۆ - ئەڵمانیا
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ، پەڕلەمانتارە بە ڕەگەز تورکەکانی وڵاتەکەی ئاگادار کردەوە کە گەشتی وڵاتی تورکیا نەکەن. ئەمەش دوای ئەوەی تورکیا بە ڕەسمی ناخۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دانگدان لەسەر بە جینۆساید ناساندنی ئەرمەنەکان.
وەزارەت لە ڕونکردنەوەیەکی  دا ئامۆژگاری پەڕلەمانتارە بەڕەگەز تورکەکانی کردووە ، کە لە ئێستادا گەشت بۆ وڵاتی تورکیا نەکەن و ئەوان ناتوانن سەلامەتیی ژیانی ئەوان بپارێزن

لە ماوەی ڕابردوو دا پەڕلەمانی ئەڵمانیا "بوندستاگ" بە زۆرینەی ڕەها ، پڕۆژەی بە جینۆساید ناساندنی ئەرمەنەکانیان پەسند کرد ،کە پێش سەدەیەک ڕوویداوە و ئەمەش کاردانەوەی 'چاوەڕوانکراو'ی تورکیای لێ کەوتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەو پەڕلەمانتارانەی بە "خوێن پیس" ناوبردبوو، وتبووشی : پێویستە پشکنینی خوێنیان بۆ بکرێت تا دڵنیا ببنەوە کە ئاخۆ تورکن یان نا.
 ئەمەش وای کرد، زۆرێک لەو لیپرسراو و هەڵسوڕاوانەی پەڕلەمان کە بە ڕەگەز تورکن ، سەردانە تایبەتی و سیاسیەکانیان بۆ وڵاتی تورکیا هەڵوەشێننەوە.



دیلان ده‌بێته‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی هونه‌ری ئه‌ڵمانیا
ئاماده‌کردنی-هێمن کوردۆ

دیلان خۆشناو کچە هونەرمەندێکی بواری گۆرانی "پۆپ" ە لە وڵاتی ئەڵمانیا ، بەهۆی بەشداریکردن لە بەرنامەی (The Voice) ی ئەڵمانی  لە ماوەیەکی کورتدا جەماوەرێکی زۆری پەیدا کرد. دوای ئەوە دەستی بە کاری کلیپ کردووە.


سیروان بابان:ئه‌ڵمانیا په‌نابه‌رانی هه‌رێمی کوردستان دیپۆرتناکاته‌وه‌
له‌ پێنج مانگی ئه‌مساڵیشدا 9000 په‌نابه‌ر له‌ ئه‌ڵمانیا دیپۆرتکراونه‌ته‌وه‌
ئاماده‌کردنی:شه‌وقی کانه‌بی
دیپۆرت مانای چیه‌؟
ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی که‌ داوای په‌نابه‌ریان ره‌تکراوه‌ته‌وه‌، ئاگادارده‌کرێنه‌وه‌ که‌ ده‌بێت له‌ ماوه‌ی 30 رۆژدا ئه‌ڵمانیا جێبهێڵن. ئه‌گه‌ر په‌نابه‌ره‌که‌ له‌و وڵاتانه‌ هاتبوو که‌ ئه‌ڵمانیا به‌ وڵاتی ئاسایش به‌رقه‌رار له‌ قه‌ڵه‌میان ده‌دات ده‌بێت له‌ ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌دا‌ ئه‌ڵمانیا جێبهێڵێت.
چۆن دیپۆرت ده‌کرێیته‌وه‌؟
زۆرجار باس له‌وه‌ ده‌کرێت که‌ پۆلیس به‌یانیان زوو هه‌ڵده‌کوتێته‌ سه‌ر ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی که‌ مافی مانه‌وه‌یان ره‌تکراوه‌ته‌وه‌و‌ له‌ خه‌و رایان ده‌په‌ڕێنن و بۆ فڕۆکه‌خانه‌ ده‌یان گوازنه‌وه‌. ئه‌وه‌ به‌و ئامانجه‌ ده‌کرێت که‌ هیچ رێگریه‌ک بۆ دیپۆرت کردنه‌وه‌که‌ دروست نه‌کرێت و له‌ کاتێکی زوودا بگه‌نه‌وه‌ وڵاته‌که‌ی خۆیان و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بتوانێت رێوشوێن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بگرێته‌به‌ر.
زۆربه‌ی دیپۆرتکردنه‌وه‌کان له‌ رێگه‌ی ئاسمانی ده‌بێت. ئه‌گه‌ر یه‌ک که‌س بوو به‌ فرۆکه‌ی گشتی ده‌گوازرێنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ژماره‌یان گه‌یشته‌ سه‌رووی 100 که‌س حکومه‌ت فڕۆکه‌یه‌ک به‌ کرێ ده‌گرێت بۆ دیپۆرتکردنه‌وه‌یان. له‌ پڕۆسه‌ی دیپۆرتکردنه‌وه‌ی په‌نابه‌راندا کۆمه‌ڵێک وڵات به‌یه‌که‌وه‌ به‌شداری ده‌که‌ن له‌ چوارچێوه‌ی ئاژانسی پاراستنی سنوری ئه‌وروپا "فرونتیکس".
له‌و باره‌یه‌وه‌ سیروان بابان، شاره‌زای کاروباری په‌نابه‌ران له‌ ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌گه‌ر مافی په‌نابه‌ریشیان پێ نه‌درێت دیپۆرت ناکرێنه‌وه‌، به‌ گشتی هاوڵاتیانی عێراق به‌ سونه‌و شیعه‌ دیپۆرت ناکرێنه‌وه‌، چونکه‌ عێراق شه‌ڕو ئاشوبی تێدایه‌.

که‌ی بڕیاری دیپۆرت راده‌گیرێت؟
کاتێک نوسینگه‌ی فیدڕاڵی کۆچ و کۆچبه‌ران داوای په‌نابه‌ری که‌سێک ره‌تده‌کاته‌وه‌،  ئه‌و ده‌زگایه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌کات ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ له‌ وڵاته‌که‌ی خۆیدا مه‌ترسیه‌کی به‌رجه‌سته‌و روون هه‌بوو له‌ سه‌ر سه‌لامه‌تی ژیان و له‌ش و ئازادی. یاخود نه‌خۆشیه‌کی هه‌بێت و له‌ وڵاته‌که‌ی خۆی چاره‌سه‌ری نه‌بێت، یان منداڵ بێت و ژیانی بکه‌وێته‌ مه‌ترسی، له‌و حاله‌تانه‌دا دیپۆرتکردنه‌وه‌ی راده‌گیرێت و مافی مانه‌وه‌ی کاتی یه‌ک ساڵی پێ ده‌درێت. به‌ پێی راگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی فیدڕاڵی کۆچ و کۆچبه‌رانی ئه‌ڵمانیا له‌ پێنج مانگی یه‌که‌می ساڵی 2016 دا ته‌نها 1000 که‌س بڕیاری دیپۆرتکردنه‌وه‌یان راگیراوه‌.
ده‌رباره‌ی چانسی هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان بۆ پێدانی مافی په‌نابه‌ری، سیروان بابان رایگه‌یاند، بۆ ئه‌مساڵ ڕێژه‌ی %65ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له‌ هه‌ر سێ وڵاتی سوریاو عێراق و ئه‌ریتریا هاتون مافی په‌نابه‌ریان پێدراوه‌.
له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا چه‌ند که‌س له‌ ئه‌ڵمانیا دیپۆرت کراونه‌ته‌وه‌؟
له‌ ساڵی 2014دا  11هه‌زار په‌نابه‌ر دیپۆرتکراونه‌ته‌وه. له‌ ساڵی 2015دا 21 هه‌زار که‌س و له‌ پێنج مانگی ئه‌مساڵیشدا 9000 په‌نابه‌ر له‌ ئه‌ڵمانیا دیپۆرتکراونه‌ته‌وه‌.
هاوڵاتیانی چ وڵاتێک دیپۆرت ده‌کرێنه‌وه‌؟
له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌ پله‌ی یه‌که‌م هاوڵاتیانی وڵاتانی به‌ڵقان، سڕبیا، مه‌قدۆنیا، کۆسۆڤۆ، ئه‌لبانیا، بۆسنه‌ و هێرسک دیپۆرتکراونه‌ته‌وه‌. به‌ هۆی بوونی شه‌ڕو خراپی باری ئه‌منی هیچ بڕیارێک نیه‌ بۆ دیپۆرتکردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی سوری و عێراقی.
ئایا گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ له‌ زیادبووندایه‌؟
به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی ژماره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ زیاتره‌ له‌ ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ دیپۆرت ده‌کرێنه‌وه‌. به‌ پێی ئاماری وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا له‌ پێنج مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا 20 هه‌زار که‌س ئاره‌زومه‌ندانه‌ خاکی ئه‌ڵمانیایان جێهێشتوه‌.
·       بۆ ئاماده‌کردنی ئه‌م راپۆرته‌ سود له‌ سایتی دۆیچه‌ ڤێله‌ DW وه‌رگیراوه‌.



گه‌نجانی کورد له‌ ئه‌ڵمانیا گۆرانی و موزیکی کوردی پێشکه‌شده‌که‌ن
شه‌وقی کانه‌بی-راپۆرت-ئه‌ڵمانیا



چه‌ند گه‌نجێکی په‌نابه‌ری کورد له‌ ئه‌ڵمانیا، به‌ گۆرانی و موزیکی کوردی به‌شداری له‌ ئاهه‌نگێکی موزیک و گۆرانی و شانۆی ئه‌ڵمانه‌کاندا ده‌که‌ن.




ناسر مه‌نسور وه‌ک گۆرانیبێژو هیوا کۆرگ وه‌ک پیانۆ ژه‌ن که‌ دوو گه‌نجی خه‌ڵکی شاری هه‌ولێری باشوری کوردستانن و له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ژین به‌شداریان له‌ ئاهه‌نگێکی ئه‌ڵمانه‌کان کرد، له‌ شاری ماربۆرگ و له‌ ئا‌هه‌‌نگه‌که‌دا 3 گۆرانی کوردیان پێشکه‌شکرد.




چه‌ند گروپێکی شانۆیی و موزیکی ئه‌ڵمانی له‌ ئاهه‌نگه‌که‌دا چه‌ند نمایشێکی شانۆیی و گۆرانیان پێشکه‌شکرد، ده‌ستخۆشیان له‌و گروپه‌ کوردیه‌که‌ کرد که‌ به‌شداری له‌ چالاکیه‌ هونه‌ریه‌کانی ئه‌ڵمانیادا ده‌که‌ن.